I'm a paragraph. Click here to add your own text and edit me. I’m a great place for you to tell a story and let your users know a little more about you.
Crime scene شانۆی تاوان .. كلیلی تاوانە ناڕوونەكان
پارێزەر / كاسترۆ سالم
لەگەڵ پێشكەوتنی ژیان و تەكنۆلۆژیا بواری تاوانكاری پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە،جا چ لەلایەنی چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەوە بێت یاخود لە لایەنی ئاشكرادكردنی تاوان بێت .
پێشكەوتنی ئەنجامدانی تاوان گەیشتۆتە ڕادەیەكی بەرز بەشێوەیەك لە گەڵ ئامرازەكانی ئاشكراكردنی تاوان لە پێشبڕكێ یەكی بەردەوام دان بەشیوەیەك تاوانبار لەكاتی ئەنجامدانی تاوان ڕەچاوی هەموو ئەو خاڵانە دەكات كە دەبێتە هۆی ئاشكرابوونی و هەوڵ دەدات خۆی لێیان بپارێزێت .
شانۆی تاوانیش كە بەشێكی سەرەكی وپەیوەستە بە تاوانەوە پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆی هەیە بە تاوانبار،كە دەتوانرێت تاوانبار و چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوان و جۆری تاوانەكەیشی دیاری بكرێت لە ڕێگەی شیكردنەوەیەكی ورد و فراوان .
لەگەڵ ئەوەش هەندێ جار تاوانبار ئەو تاوانەی ئەنجامی دەدات وریا دەبێت لە جێ هێشتنی بەڵگە و هەر ئاسەوارێك كە ببێتە هۆی ئاشكرادنی،دواتر هەوڵ دەدات بەخێراترین شێوەی خۆی دووربخاتەوە لە شانۆی تاوان ،پاشان خۆ حەشاردانی و وون بوونی لەنێو هەزارەها كەس كە بەمەش دۆزینەوەی زۆر ئەستەم دەبێت .
جێگای دڵ خۆشیە كە لایەنی تایبەت بە ئاشكراكردنی تاوان چۆكی دانەداوە لە ئاست ئەو پێشكەوتنەی تاوانبار پشتی پێ دەبەستێت لە كاتی ئەنجامدانی تاوان،بەكارهێنانی زانست و تەكنۆلۆژیا خزمەتێكی وای بەكەسانی تایبەت و پسپۆر بە ئاشكراكردنی تاوان كردووە دەتوانین بڵیین ئێستا ئەستەمە تاوانێك بكرێ بێ ئاشكرا بوونی مەگەر بەدەگمەن نەبێ .
بەڵگەكان زۆرن كەلایەنی تایبەت وپسپۆرانی ئاشكراكردنی تاوان پشتی پێ دەبەستن بۆ ئاشكراكردنی تاوان،یەكێك لە گرینگترین ئەو بەڵگانەش كە دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئاشكراكردنی تاوان بریتیە لە شانۆی تاوان، دەتوانین پێناسەی شانۆی تاوان بكەین و بڵێین ( شانۆی تاوان ئەو شوێنەیە كەوا تاوانی تێدا ئەنجام دراوە )،هەرچەند بەشێك لەپسپۆرانی ئەو بوارە ئەو پێناسەیە فروان دەكەن ، پێیان وایە شانۆی تاوان بریتیە لەو شوێنەی كە تاوانێكی تێدا ڕوویداوە و لەگەڵ گشت ئەو شوێنانەی پەیوەندیان بەشوێنی تاوانەوە هەیە ، واتە قۆناغی پێش ئەنجامدانی تاوان (قوناغی ئامادەكاری)یش دەخەنە بازنە شانۆی تاوانەوە .
تاوانبار هەرچی بكات بۆئەوەی بەڵگە و ئاسار بەجێ نەهێڵێت و ڕزگاری بێت لە ئاشكرابوون نەجاتی نابێت مەگەر بەدەگمەن نەبێت،پسپۆرانی بواری ئاشكراكردنی تاوان گرینگی زۆر بە شانۆی تاوان دەدەن هەر بۆیەش لەكاتی ڕوودانی تاوان لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەخێراترین شێوە پۆلیس و لێكۆڵەری تایبەتمەند دەگاتە شوێنی مەبەست كە شانۆی تاوانە بۆ ئەوەی تەصویرێكی زهنی بۆ ڕوداوەكە بكەن و خوێندنەوە ولێكدانەوەی یەكە بەیەكەی ئەو كەرستانە دەكەن كە لەنێو شانۆی تاوانەكە دەبینرێن پێش تیكچون و شێوانیان .
بۆیە زۆر گرینگە بایەخی تەواو بە شانۆی تاوان بدرێت لەكاتی ڕودانی تاوان بەتایبەت لەتاوانی كوشتن و انتحار
( خۆكوشتن) و دزی و هەندێ تاوانی تر،چونكە وەك ئاماژەم پَیكردپەیوەندیەكی ڕاستەوخۆ هەیەلە نێوان تاوانبار و شانۆی تاوان،شانۆی تاوان زۆرجار دەبێتە هۆكارێ بۆ یەكلای كردنەوەی كەیسەكان،ئەمەش لەكاتێك دەبێت یا ئەوەتا ئەو پەیوەندیە دەپچڕێنێ كەلەنێوان گومان لێكراو و تاواندا هەیە،یانیش ئیسپاتی ئەو پەیوەندیە دەكات كە بەڕاستی پەیوەندی هەیەلەنێوان تاوان و گومانلێكراو،جا هەرلە ڕێگەی شانۆی تاوانەوە دەتوانرێت جۆری ئەو پەیوەندیەش دەستنیشان بكرێت لەنێوان گومان لێكراو تاوانەكەوە دروست بووە .
لەگرینگترین ئەو زانیاریانەی كەوا دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت لەسەر تاوان)لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی وردی شانۆی تاوان :
یەكەم - كاتی ڕوودانی تاوان :-
زۆرجار شانۆی تاوان كاتی ئەنجامدان و ڕوودانی تاوانمان بۆ دیاری دەكات،بۆ نمونە ئەگەر تەرمی كەسێك لە شانۆی تاوان دا هەبێت ، لێكۆڵەر بە هاوكاری دكتوری شەرعی دەتوانێ بگاتە ئەو ئەنجامەی كەوا ئەو تەرمە لە چ بەروار و كاتێكدا كۆتای بەژیانی هاتووە،ئەمەش بە پشت بەستن بەو نیشانە و گوڕانكاریانەی كە بەسەر تەرمەكە دا دێت.
بۆ گرینگە بزانین تاوان لە چ كاتێك ڕوویداوە ؟
ئەم بابەتە گرینگی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كاتێك تاوانێك ئەنجام دەدرێ و تاوانبار نەناسراوە و گومانیش بۆ كەسانێكی زۆرە، لێرەدا زانینی كاتی ڕوودانی تاوان دەبێتە یارمەتی دەرێك بۆ تەسك كردنەوەی بازنەی لێكۆڵینەوە ، ئەمەش وا دەكات هەم كەسانی بێ تاوان بەزووترین كات لەداوی لێكۆڵینەوە دەربازیان بێت و هەم پیاوانی پۆلیس بەخێراترین شێواز بگەنە تاوانباری ڕاستەقینە .
دووەم - شوێنی ڕوودانی تاوان :-
شانۆی تاوان شوێنی ڕاستەقینەی ڕوودانی تاوان ئاشكرا دەكات ، دۆزینەوەی تەرم لە ژووری خەوتن لەگەڵ بوونی خوێنێكی یەكجار زۆر دەلالەتە لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسە هەر لەهەمان ژوورە كوژراوە .
بەڵام دۆزینەوەی كەسێكی سەربڕاو لە شوێنێك بەبێ ئەوەی هیچ خوێنێیكی ئەوتۆ ڕژا بێت لەو شوێنە ، دەلالەتە لەسەر ئەوەی كە ئەو تاوانی كوشتنە لەشوێنێكی تر ڕوویداوە و دواتر ئەو لاشەیە گواستراوەتەوە بۆ ئەو شوێنە .
سێیەم - كەل و پەلی بەكارهاتوو لە تاوان :-
بە لێكۆڵینەوە لەشانۆی تاوان دەتوانین ئەو كەرستە و كەل و پەلانە دیاری بكەین كە تاوانبار تاوانی پێ ئەنجامداوە ، بۆ نمونە ئەگەر تاوان لێكراو بەسەربڕاوی دۆزاریەوە ئەوا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە چەقۆ یان كەل و پەلی تیژی هاوشێوە لەلایەن تاوانبار بەكار هاتووە ، یان دۆزینەوەی تەرمی كەسێكی كوژراو لە شانۆی تاوان لەگەڵ بوونی چەندین قەوان دەلالەتە لەسەر ئەوەی كە تاوان لێكراو بە چەك كوژراوە، جگە لەوەش جوری قەوان و فیشەكەكان زۆر جار جۆری ئەو چەكەمان بو دیاری دەكەن كە لەتاوانەكەدا بەكار هاتووە ، بۆنمونە لەڕێگەی ئەو فیشەك و قەوانە دەزانرێ كە ئایا چەكی بەكار هاتوو دەمانچەیە ،یا كلاشینكۆف، یا چەكی ڕاو ..هتد
4- هۆكاری ئەنجامدانی تاوان :-
شانۆی تاوان زۆر جار هۆكاری ئەنجامدانی تاوان ئاشكرا دەكات ، بۆ نمونە دۆزینەوەی تەرمی كەسێك لەنێو ماڵەكەی و پاشان شكاندنی خەزێنە و دزینی سامان و پارەكەی ، ئەوە نیشان دەدات كەوا هۆكاری ئەنجامدانی تاوانی كوشتن بەمەبەستی دزی بووە . یا دۆزینەوەی تەرمی كچێك لەگەڵ بوونی كۆرپەلە لەسكی دا دەشێ ئەو كوشتنە ئەنجامدرابێ لەژێر هۆكاری گێڕانەوەی شەرف یان كوشتن بەبیانووی ئابڕو وەك ئەوەی باوە .
سوتانی كەسێك لە حەمامی ماڵەكەی بە دەرگا داخراوی لەڕووی ژوورەوە دەشێ هۆكاری ئەو تاوانە خۆكوشتن بێ ،یا بە هۆكارێكی ئاگر كەوتنەوەبێت .
گرینگی شانۆی تاوان تەنها لەوچەند خاڵەی پەیوەست بە (تاوان ) چڕ نابینێتەوە ، بەڵكو شانۆی تاوان كلیلی ئاشكرا كردن و بانكی زانیاریە سەبارەت ( بەتاوانبار ) لەڕێگەی شانۆی تاوان دەگەینە ئەو زانیاریانەی خوارەوە سەبارەت بە تاوانبار :
یەكەم - كەسی تاوانبار :
زانای فەرەنسی بەناوبانگ ( ادمون لوكارد ) ناسراو بە ( شارلۆك هۆلمز ) نزیكەی (100) لەمەوبەر رێسایەكی دانا تایبەت بەو باسە پوختەی رێساكەش بەو شێوەیەیە ( هەموو پەیوەندیەك و لێكخشانێك كاریگەری لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێت ) واتە هەموو تاوانبارێك كەدەچێتە نێو شانۆی تاوان شتێك (بەڵگەیەك ) لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێت ، وە بەهەمان شێوە لەكاتی چوونە دەرەوەیشی شتێك لەگەڵ خۆی دەباتە دەرەوە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكات لە زۆربەی كاتدا .
بۆیە تاوانبار هەرچەندە ووریا و لێهاتوو بێت لە ئەنجامدانی تاوان ، هەر دەبێ بەڵگەیەك لەشانۆی تاوان بەجێ بهێڵێت كەوا كەسایەتیەكەی ئاشكرا بكات .
دۆزینەوەی پەنجەمۆر لەسەر كەل و پەلەكان ، شوێن پێی لەسەر زەوی ، كەوتنی موو ، ڕژانی خوێن لەكاتی بەرگری تاوانلێكراو یان لەكاتی شكاندنی دەرگا و پەنجەرە ..هتد ئەمانە هەمووی دەبێتە هۆكارێك بۆ دیاری كردنی كەسایەتی تاوانبار .
دووەم – پیشەی تاوانبار :-
شانۆی تاوان پیشەی تاوانبار ئاشكرا دەكات و بازنەی لێكۆڵینەوەی تەسك دەكاتەوە ، بۆنمونە كردنەوەی دەرگای ماڵێك بەبێ شكاندن و بەشێوەیەكی زور زیرەكانە ، پێمان دەڵێ تاوانبار پیشەی ( دارتاشە یان ئاسنەگەرە یان كلیل سازە ) ، دۆزینەوەی شوێن پێڵاوێكی جیاواز لە پێڵاوی ئاسایی بەبوونی نیشانەی تایبەت ، دەشێ تاوانبار سەرباز بێت یان خاوەن پیشەیەكی تایبەت بێت جیاواز لەخەڵكی ئاسایی .دۆزینەوەی لاشەی كەسێك بە پارچە پارچە كراوی و بەشێوەیەكی ڕێك و پێك دەشێ ئەوە دەربخات كەوا تاوانبار قەساب یان پزیشك بێت .
سێیەم : هەندێك نیشانەی تایبەت بەتاوانبار :
ڕەنگە لێكۆڵەر لەشانۆی تاوان پاشماوەی جگەرەیەگ بدۆزیتەوە لە جۆرێكی دیاریكراو كە ڕەنگە بەڵگەبێت لەسەر ئەوەی تاوانبار كەسێكی ڕاهاتووە بە جگەرە كیشانی بەردەوام ، یان لەڕێگەی ئەو شوێن پێیانەی كە لەشانۆی تاوان دان دەشێ بزانرێ ئایا تاوانبار ( باڵای ) كورتە یان درێژە ، كەسێكی شەل و گۆجە یان ڕێكە ، وە بەهەمان شێوە دەتوانرێ هێزی تاوانبار پێشبینی بكرێت لەڕێگەی ئەو كارانەی ئەنجامی داوە لەنێو شانۆی تاوان ، بۆ ئەوەی بزانرێ ئایا كەسێكی بەهێزە یان بێهیزە لەڕووی جەستەییەوە .
چوارەم : ژمارەی تاوانباران
لەڕێگەی شانۆی تاوان دەتوانرێ ژمارەی تاوانباران دیاری بكرێت ، دۆزینەوەی پەنجەمۆری و شوێن پێی جیاواز و جۆراو جۆر ، یان دزینی ئامیرێكی قورس و بەدەر لەتوانای جەستەیی كەسێك هەموو ئەمانە ئەوە دەر دەخات كەوا ئەو تاوانە لەلایەند زیاتر لەكەسێك ئەنجامدراوە و ژمارەشیان دیاریكراوە .
5- پەیوەندی تاوانبار بە تاوان لێكراو :
چونیەتی ئەنجامدانی تاوان زۆر جار ئاستی پەیوەندی نێوان تاوانبار و تاوان لیێكراو دەردەخات ، بۆ نمونە كاتێك تاوانبار لەدواوە لە تاوان لێكراو دەدات بۆ ئەوەی تاوان لێكراو دەرفەتی بینینی دەمووچاوی تاوانباری نەبێت ، یاوەخود تاوانبار بەشێك لەدەمووچاوی یا هەمووی دەشارێتەوە لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكە ، تاوانبار پەنا ناباتە بەر ئەو ڕێگایانە تەنها ئەگەر تاوان لێكراو كەسایەتی ئەو بناسێت ، بۆیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوە دەدات نەناسرێتەوە ، جگە لەوە زۆر جار تاوانی دزی ڕوودەدات بەبێ ئەوەی تاوانبار هیچ شوێنیكی تری پشكنیبێت ڕاستەوەخو بەرەو ئەو شوێنە هەنگاوی ناوە كەوا پارە یاوەخود بابەتی دزیەكەی لێیە ، ئەمەش ئەوە دەردەخات كەوا تاوانبار زانیاری هەیە بەو شوێنەوە پەلی خزمایەتی یان هاتووچۆی هەیە لەگەڵ تاوان لێكراو .
ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا لەگرینگترین ئەو خاڵانە بوون كە دەشێ سوودی لێ ببینرێت لەكات ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە شانۆی تاوان بۆ ئەوەی بازنەی لێكوڵینەوە بەشێوەیەكی بەرچاو تەسك بكرێتەوە لەپێناو گەیشتن بەڕاستیەكان و دەستگیركردنی تاوانبار بە خێراترین شێوە.
شانۆی تاوان لەڕوانگەی كۆمەڵگەی كوردی بەداخەوە زۆر بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ دا كراوە،كاتێك تاوانێك ڕوودەدات بێ ئەوەی گوێ بدرێتە گرینگی شانۆی تاوان و بەڵگەكانی نێوی هاوڵاتیانی سڤیل بەبێ گوێدانە ئەو گرینگی یە بە ئارەزووی خویان هاتووچۆی لەنێو دەكەن و دەستكاری بەشی زۆری كەل و پەلەكان دەكەن ،
ئەم خراپ مامەڵەكردنە لەگەڵ شانۆی تاواندا تەنها لەلایەن خەڵكی سڤیل دا نیە ، بگرە زۆر جار پیاوانی پۆلیس و ئاسایش و ئاگر كۆژینەوە خۆیان مامەڵەیەكی خراب لەگەڵ شانۆی تاوان دا دەكەن ، تا ئێستا نەبینراوە كاتێك تاوانێك ڕوودەدات شریتی تایبەت لەدەوری شانۆی تاوان دا دابنرێ بۆ ئەوەی كەس بۆی نەبێ بە ئارەزووی خۆی هاتووچۆبكات لەنێویدا ، تەنها تیمی تایبەت نەبێت .
شێواندنی بەڵگەكان لە شانۆی تاوان و دەستكاری كردنیان دەبێتە هۆی و قورس كردنی ئەركی پیاوانی پۆلیس لە گەیشتن بەڕاستی و درووستی تاوانەكە و دواتریش ڕزگار بوونی تاوانباری ڕاستەقینەو و لەوەش كارەساتبارتر كەوتنە داوی لێكۆڵینەوەی كەسی بێ تاوان .
كوتایی بەو باسە دەهێنم بە نمونەیەكی قورئانی پیرۆز سەبارەت بە پێغەمبەر (یوسف ) سڵاوی خودای لەسەربێت ، كاتێك زولەیخا نیازی ئەنجامدانی كاری ناپاكی لەگەڵدا هەبوو ئەویش خۆی نەدا بەدەستەوە و ڕای كرد ، زولەیخا كەوتە دوای و لەدواوە كراسەكەی پێغەمبەر یوسفی ڕاكیشا بەمەبەستی ڕاگرتنی بەڵام لەئەنجام كراسەكەی لەدواوە دڕاو و لەدەستی زولەیخا دەربازی بوو ، بەڵام ئەمجارەیان كەوتە داوی عەزیزی میسر ، زولەیخا بە پیاوەكەی گوت سزای كەسێك چی یە كە بیەوێت كاری ناپاك دژی خێزانەكەت بكات مەگەر لەبەند بكرێت یا سزایەكی قورسی بدرێ ، یوسف ڕووی كردە عەزیزی میسر و پێ ی گوت خێزانەكەی تو بەدوامەوە بوو نەك من، من ڕامكرد لەدەستی،لەئەنجام گفتۆگو دروست بوو لەسەر ڕاستی و درووستی وتەی هەردوولا ، تا خودای گەورە ئەو ئایەتەی دابەزاند لەسەر زاری منداڵێكی خانەوانەدی عەزیزی میسر
(( قَالَ هِيَ رَاوَدَتْنِي عَنْ نَفْسِي وَشَهِدَ شَاهِدٌ مِنْ أَهْلِهَا إِنْ كَانَ قَمِيصُهُ قُدَّ مِنْ قُبُلٍ فَصَدَقَتْ وَهُوَ مِنَ الْكَاذِبِينَ (26) وَإِنْ كَانَ قَمِيصُهُ قُدَّ مِنْ دُبُرٍ فَكَذَبَتْ وَهُوَ مِنَ الصَّادِقِينَ (27) فَلَمَّا رَأَى قَمِيصَهُ قُدَّ مِنْ دُبُرٍ قَالَ إِنَّهُ مِنْ كَيْدِكُنَّ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٌ)) صدق الله العظيم
وەك لە ئایەتەكەدا دیارە خودای گەورە بەڵگەیەكی دا بەهەردوولا (لەنێو شانۆی تاوان ) كە بریتی بوو لەكراسەكەی یوسف ، پێ ی ڕاگەیاندن سەیری كراسەكە بكەن ( ئەگەر لەپێشەوە دڕابێ ئەوا زولەیخا ڕاست دەكا و یوسف تاوانبارە ، وە ئەگەر كراسەكەی لەدواوە دڕابێ ئەوا زولەیخا درۆ دەكا و یوسف ڕاستگۆیە ) ، دوای ئەوەی سەیریان كردن كراسەكەی یوسف لەدواوە دڕاوە و تاوانباری ڕاستەقینە ئاشكرا بوو .چونكە دڕانی ئەو كراسە بووە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگر لەنێو شانۆی تاوان كەوا یوسف ڕای كردووە و لەدواوە و كراسەكەی گیراوە بۆ ئەوەی نەتوانێ چیتر ڕابكات لەئەنجام كراسەكەی دڕاوە .
مەبەست لەو نمونە تەنها ئەوەیە لەزاویەی باسەكەمانەوە سەیرێكی ئەو ڕووداوە بكەین ، دەبینین شانۆی تاوان چ ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە لەیەكلای كردنەوەی تاوانەكان .