top of page

 

 پارێزەر

بەشار عەزیز 

پەیدا بوون و زۆربوونی ئۆتۆمبێل، وەك ئامرازێكی هەرە سەرەكیی هاتووچۆ، ئەگەر كارئاسانییەكی زۆری كردبێت و خزمەتێكی گەورەی بە مرۆڤایەتی كردبێت، هاوكات جەنگێكی بەردەوامی لە كۆمەڵگەكان خوڵقاندووەو رۆژ نییە گوێبیستی دەیان كارەساتی هاتووچۆ نەبین كە بە مەرگ كۆتایی بە ژیانی مرۆڤەكان هێناوەو وەك جەنگێكی لەسەر خۆ هێدی هێدی كەوتووەتە گیانی مرۆڤایەتی، بەجۆرێك ئەگەر ئەو جەنگە مشووری نەخورێت و كار نەكرێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، ئەوە دەبێتە ئامرازێكی هەرە مەترسیدار بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی و رووداوەكانی هاتووچۆ زیاتر دەبن لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان.

ئامارە نێودەوڵەتییە نا فەرمییەكان، ئەوەیان پشتڕاستكردووەتەوە، كە 60-85%ی رووداوەكانی هاتووچۆ، هۆكارەكەی مرۆڤە، 20-30% هۆكارەكە گرفتی تەكنیكی ئۆتۆمبێلەو 5-15% هۆكارەكەی رێگەوبانە. ئەوەش ئامارێكی مەترسیدارە، هەرچەندە لەو باوەڕەدام لە كوردستاندا بەدوای مرۆڤ، هۆكاری سەرەكی بەر خراپیی رێگەوبانەكان دەكەوێت كە وەك پێویست ساز نەكراون. 

لە هەموو وڵاتاندا، كۆمەڵێك یاساو بڕیاری تایبەت بە رێكخستنی كاروبارەكانی هاتووچۆ داندراون، بۆ پابەندكردنی تاكەكان و رێكخستنی ئەو بوارەو كەمكردنەوەی گرفت و كێشەكانی هاتووچۆ، كە بە پابەند بوونیان، دەتوانین بڵێین رووداوەكانی هاتووچۆ كەمدەبنەوە بۆ نزمترین ئاست و ئەو بوارە كێشەیەكی وەهای تێدا نابێت، بەڵام كارنەكردن بە یاساو پابەند نەبوونی و جێبەجێ نەكردنی، دۆخێكی كارەساتبارو پڕ ئاڵۆزی لە كۆمەڵگەدا دێنێتە ئاراوە.

لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، یاسای ژمارە 86ی ساڵی 2004، یاسای هاتووچۆ كاری پێ دەكرێت كە یاسایەكی پێشكەوتوو و هەنووكەییەو لە یاسای هاتووچۆی زۆربەی وڵاتان لەپێشترو دەوڵەمەندترە، لە 38 بەش پێكهاتووەو سەرجەم كاروبارەكانی هاتووچۆو سزاكانی دیاریكردووەو بە جێبەجێكردنی تەواوەتیی، رێگرییەكی زۆر دەكرێت لە كەمبوونەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ. بەڵام جێی داخە یاساكە وەك پێویست جێبەجێ ناكرێت و بە تایبەت لە شارە بچووك یان دوورەكان، دۆخێك خولقاوە شووفێر سەربەخۆیە چۆن لێبخوڕێت و چی لێ بخوڕێت و چاودێریی ناكرێت لە سەرپێچییەكانی.

بەداخەوە هێشتا هۆشیاریی تاك لەو ئاستەدا نییە، بە خواستی خۆی و بێ سەپاندن یان ترس لە سزا، لە ئاست بەرپرسیارێتییدا بێت و رەچاوی رێساو دابەكانی هاتووچۆ بكات، بۆیەش هەركات لە بۆشایی یاسادا، ئەگەر تێبینیی كرد چاودێری ناكرێت، هەڕەمەكیانە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، بەڵام لەكاتی هەستكردن بە چاودێری، لە رێگەی مەفرەزەی پۆلیسی هاتووچۆ یان كامێرا، ئەوكات ناچار دەبێت بە پابەند بوون بەو رێسایانە، بۆیەش گرنگە، هەمیشە چاودێری و سزا هەبێت، هەتا رەچاوكردنی ئادابەكانی هاتووچۆو هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی خەڵك و رێگەوبان لە لایەن شووفێرو تاكی كوردەوە دەبێتە كلتوور. 

گومان لەوەدا نییە، لە كوردستاندا، زۆربەی هەرە زۆری رێگەوبانەكان، تا راددەیەكی زۆر دروست نین و هەمیشە گرفت بۆ شووفێران دروست دەكەن و بەشێك لە هۆكاری رووداوەكانیان بەردەكەوێت، بەڵام بەشی هەرە گەورەی هۆكاری گەورەی رووداوەكان لە كوردستاندا، تیژڕۆیی و هەست نەكردن بە بەرپرسیارییەتی هاتووچۆیە لە لایەن شووفێری كوردەوە، ئەوەش گرفتێكی مەزنەو وێڕای كاركردن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی هاتووچۆ لەناو هزری تاكی كورد، گرنگە بە جێبەجێكردنی تەواوەتی یاسای هاتووچۆ بە دروستی و یەكسانی، رێ لە زۆربوونی رووداوەكانی هاتووچۆ بگیرێت، كە جەنگێكی مەترسیداری خولقاندووەو رۆژانە چەندین رووداو چێدەبن و بەشێكی زۆریان بە مەرگ كۆتاییان دێت.

ئاماری ساڵانەی رووداوەكانی هاتووچۆ، لە سەرتاسەری جیهان لە هەڵكشاندایەو كوردستانیش، رێژەی رووداوەكانی هاتووچۆ تێیدات لە زیاد بووندان، بە تایبەت كە ساڵانە رێژەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل دێنە كوردستان و زۆربەی رێگەوبانەكانیش وەك خۆیانن، جگە لەوەش، هۆشیاریی هاتووچۆی تاك لە ئاستێكی نزمدایە، بۆیەش جەنگێكی هەمیشەیی لە ئارادایە، ئەویش رووداوی هاتووچۆیە. بۆیە پێویستە لە هەموو لایەكەوە، رێگەو شێوازو میكانیزمی گونجاو دابندرێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، یەك لە میكانیزمە هەرە گرنگەكانیش، جێبەجێ كردنی یاسای ژمارە 86ی ساڵی 2004ی هاتووچۆو رێنماییەكانی پەیوەست پێی، ئەویش بە تایبەت لە رێگەی چالاكتر كردن و توندوتۆڵكردنی پۆلیسی هاتووچۆ.

هەبوونی مەفرەزەی بەردەوامی پۆلیس لە شارەكانی كوردستان، بۆ چاودێری كردنی سەرپێچییەكانی هاتووچۆ، قەدەفەكردنی شووفێریی بێ مۆڵەت، دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی تۆمار نەكراون و تۆماركردنیان هەتا بە كەیفی خۆیان بێ ترس سەرپێچی نەكەن، دادگایی كردنی سەرپێچیكاران و سزادانیان بەپێی ئەو سزایانەی لە یاسای ناوبراو دیاری كراون، هەبوونی كامێرای چاود‌وێری لە زۆربەی شەقامە پێویستەكانی كوردستان بۆ ئەوەی شووفێران بەپێی خێرایی دیاریكراو ئۆتۆمبێلەكانیان لێخوڕن، سەپاندنی پشتێنی سەلامەتی و سەرجەم حوكمەكانی یاساكەو بڕیارەكان، رووداوەكان كەم دەكاتەوە. 

نەرمی نواندن بە بیانووی خراپی بارودۆخ، شتێكی بێ مانایە، رووداوەكان بارودۆخ ناناسن و لە زیادبوون دان. پۆلیسی هاتووچۆ، دەبێ توند بێت و بچووكترین سەرپێچیكاران سزا بدات و ئەوانەش كە پێویستن بداتە دادگا، توندوتۆڵ بوونی، دەبێ بگاتە ئەو ئاستەی خەڵكی ترسیان لە پابەند نەبوون بە یاساكە هەبێت، جێبەجێكردنی یاسا ببێتە كلتوور لە زیهنی خەڵك و پابەند بن بە سەرجەم داب و رێساو مۆڕالی هاتن و چوون. دروستكردنی ئەو پابەندییەو بە كلتووركردنی، پێویستە بە زۆری بێت، هەرچەندە خەڵكی تووشی بێزاری و ناڕەزایی بكات، بەڵام دواجار لە بەرژەوەندی گشتیدایە هەرچەندە كەسانێك زەرەرمەند بن، پێویستە رێسای (یتحمل الچرر الخاص لدفع چرر عام) جێبەجێ بكرێت و بەرژەوەندی كۆی خەڵكی نەكرێتە قوربانی سەرپێچیكارێك.

bashargwani@gmail.com

 

ئەم بابەتە 

  جار خوێندراوەتەوە

bottom of page