پڕۆفیسۆر دكتۆر عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، پسپۆر لە یاسای گشتی:
هەتا ئێستا یاسای نێودەوڵەتی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێ میكانیزمەكانی دەركردنی بڕیارەكان لەژێر رەحمەت و ركێفی بەرژەوەندی زلهێزەكان دەربهێنێت
سازدانی: بەشار عەزیز: پڕۆفیسۆر دكتۆر عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، پسپۆر لە یاسای گشتی، بۆ گۆڤاری دادگەری، لەسەر دەستێوەردان لە یاسای نێودەوڵەتی دەدوێت، ئەو روونی دەكاتەوە لە یاسای نێودەوڵەتی، بنەمای قەدەغەكردنی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی داندراوە، چونكە " چونكە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی دەوڵەت خاوەن سەروەری خۆیەتی و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی مافی خۆیەتی بە ئازادانە كاروبارەكانی خۆی بەڕێوەببات". لە بارەی دانپێدانانی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، ئەو پرۆفیسۆرە هەرچەندە دەڵێت لە رووی یاساییەوە كاریگەری نابێت، چونكە دانپێدانان ئەو كاتە ئاساری یاسایی دەبێت كە لە لایەن دەوڵەتەوە بێت، بەڵام ئەوەش دەخاتەڕوو " لە ڕووی سیاسی و نەتەوەییەوە كاریگەری باشی دەبێت".
*مەبەست لە تدخلی نێودەوڵەتی چییە لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتی؟
- تەدەخول بریتییە لە دەستێوەردان لە كاروباری دەوڵەت، فشارێكە دەوڵەتان یان رێكخراوی نێودەوڵەتی پێی هەڵدەستێت بە مەبەستی ملكەچكردنی دەوڵەتی بەرامبەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجێك یان چەند ئامانجێكی دیاریكراو، ئەم فشارەش دەكرێت بە رێگەی سیاسی بێت یان سەربازی یان ئابوری ...هتد.
* یاسای نێودەوڵەتی چی پرەنسیپێكی بۆ تەدەخولی نێودەوڵەتی داناون؟ ئایا وڵاتان سنووردار كراون لە تەدەخول؟
- ئەو پرەنسیپەی كە پەیڕەو دەكرێت لە یاسای نێودەوڵەتی وەكو بنەما بریتییە لە (قەدەغەكردنی دەستێوەردان). چونكە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی دەوڵەت خاوەن سەروەری خۆیەتی و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی مافی خۆیەتی بە ئازادانە كاروبارەكانی خۆی بەڕێوەببات، نابێت دەوڵەتان دەست لە كاروباری وەربدەن. ئەوە وەكو بنەما، بەڵام ئەگەر لەو چوارچێوەیە دەرچوو كە یاسای نێودەوڵەتی بۆی داناوەو هەڵسوكەوتەكانی دەوڵەت و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی، خۆی لە خۆیدا پێشێلكاری بێت بۆ یاسای نێودەوڵەتی، ئەوا دەكرێت بە پێی میكانیزمەكانی یاسای نێودەوڵەتی بە پێی پێویست دەستێوەردان بكرێت بۆ چاككردنەوەی پێشێلكارییەكان.
* بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی بێ، هەر وڵاتێك سیادەی خۆی هەیەو نابێ وڵاتانی تر تەدەخول بكەن، تەنها لە حالەتێك نەبێت ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی بكەوێتە مەترسییەوە، یان بەهۆكاری مرۆیی، بەڵام چەند ساڵێكە لە سووریا شەڕ هەیە، نەمان بینی وڵاتە زلهێزەكان بە جددی بكەونە سەر خەت و تدخل بكەن؟
- ئەگەر مەبەستت دەستێوەردانی سەربازییە لە سووریا، ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی ئاڵۆزەو رۆژ لەدوای رۆژیش ئاڵۆزتر دەبێت، هەرچەندە كە رێگری یاساییش هەیە لەم بابەتە، ئەویش تایبەتە بە میكانیزمی دەرچوونی بڕیارەكانە لە ئەنجومەنی ئاسایش كە لەوانەیە هەڕەشەی یەكیەتی رووسیا بە بەكارهێنانی ڤیتۆ هۆكاریكی گرنگ بێت بۆ فەشەلهێنان بە دەركردنی هەر بڕیارێكی دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا، بەڵام بە رای من هۆكارەكە زیاتر سیاسییەو پەیوەستە بە بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێزەكان.
* ئایا پێت وانییە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان زۆربەی جار كەوتوونەتە دوای بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەكانەوەو بەرژەوەندی نێودەوڵەتی ئێستا لەسەروی یاسای دەولیە بەوەی بابەتێك بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەكانی تێدا نەبێت، تدخل ناكرێت؟
- ئەمە راستییەكی حاشاهەڵنەگرەو جێگای ئەسەفە كە هەتا ئێستا یاسای نێودەوڵەتی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێ میكانیزمەكانی دەركردنی بڕیارەكان لەژێر رەحمەت و ركێفی بەرژەوەندی زلهێزەكان دەربهێنێت. هەر بۆیەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە بە دوو تەرازوو دەپیون.
* رەخنەی ئەوە گیرا كە چەندین ساڵە لە سووریا شەڕە، وڵاتە زلهێزەكان بێدەنگ بوون، بەڵام كە شەڕ گەیشتە كۆبانێ خێرا تەدخل كرا، تۆ ئەمە چۆن لێك دەدەیتەوەو چۆنی هەڵدەسەنگێنێت؟
- بێگومان ئەم حالەتەش بەدەر نییە لەو راستییەی كە باسم كرد (بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێزەكان)، بەڕای من بەرژەوەندی دەوڵەتە هاوپەیمانەكان هۆكارێك بوو بۆ دەستێوەردان لە كۆبانی، بەڵام مەسەلەی مرۆییش بەشێوەیەكی بەهێز بەدیدەكراو كرا بە پاساوێكی یاسایی بۆ دەستێوەردان، هەر بۆیەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاساییش لەڕاست ئەو دەستێوەردانە بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمەش بەشێوەیەكی ناڕاشكاوانە پشتگیری كردنە لە دەستێوەردانەكە.
* پاڵپشتی كردنی ئەمریكاو هاوپەیمانان، بۆ باشوورو رۆژئاوای كوردستان گرنگیی لەچیدایە؟
- ئەو پاَلپشتییە نەبوایە، كیان و دواڕۆژی باشوورو رۆژئاوای كوردستان لە ژێر هەڕەشەی جیددی دابوون و ئێستاش گەر ئەو پاڵپشتییە بەردەوام نەبێت، هەڕەشەكە هەرماوە، بەتایبەتی لە رۆژئاوا. گرنگییەكەشی لەوەدایە كە ئەمریكا گەییشتە ئەو قەناعەتەی كە كورد وەكو قەوارەیەكی سیاسی بوونی و پاریزگاری لێكردنی پێویستە، بۆ دروستكردنی سەقامگیری ناوچەكەو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا.
* ماوەیەك لەمەوبەر پەرلەمانی كوردستان دانی نا بە كانتۆنەكانی خۆرئاوای كوردستان، پاشانیش هەر لە پەرلەمان بڕیاری ناردنی پێشمەرگە درا بۆ كۆبانێ، ئەو دوو بابەتە لە یاسای نێودەوڵەتی چی لێكدانەوەیان هەیە، ئایا یاسایی بوون یان نا؟
- پشتگیریكردنی پەرلەمان بۆ كانتۆنەكانی خۆرئاوای كوردستان و ناردنی هێزی پێشمەرگەو یارمەتی سەربازی زەروورەتێكی نەتەوەیی و ئەخلاقی بوون. هەرچەندە لە رووی یاسای نێودەوڵەتی ئەم پشتگیرییە پێگەیەكی یاسایی نادات بە كانتۆنەكان، بەڵام لە رووی سیاسی و سەربازی پشتگیرییەكە كاریگەری زۆر باشی دەبێت بۆ گۆڕینی بالانسی هێزو رزگاركردنی كۆبانی لە كۆمەڵكوژی، هەر ئەوەش وادەكات كە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی لە رووی یاسای نێودەوڵەتی بەرگێكی یاسایی لەخۆبگرێت. چونكە پاراستنی گەلێك لە كۆمەڵكوژی ئەركی هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
* دانپێدانانی هەرێمی كوردستان بە كۆبانێ لە رووی یاسای نێودەوڵەتی چ كاریگەرییەكی لێدەكەوێتەوە؟
- هەرچەندە بڕیارەكەی پەرلەمان باس لە پشتگیری دەكات نەك دانپێنان، بەڵام ئەگەر بە دانپێنانیش هەژماربكرێت، ئەوا لە ڕووی سیاسی و نەتەوەییەوە كاریگەری باشی دەبێت، بەڵام لە رووی یاسای نێودەوڵەتی ئەو كاریگەرییەی نییە، چونكە مەسەلەی دانپێنان ئەو كات كاریگەری دەبێت ئەگەر لەلایەن دەوڵەتان بێت.
* ئەو هاریكاری و هەماهەنگییە نێودەوڵەتییە، بۆ كوردستان و هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاریگەریی چییەو چی دەستكەوتێكی دەبێت؟
- كاریگەری زۆرە هەروەكو پێشتر ئاماژەم پێدا هەم لە ڕووی سیاسی و سەربازی وە هەم لە رووی پێگەی كوردستان و زیاتر ناساندنی بە دونیای ئازاد كە نەتەوەیەكە لە چوارچێوەی كیانێك لە ناوچەیەكی وا دژوارو ناسەقامگیر كە هەردەم پێگەی توندڕەوان و سیستەمە شمولییەكان و سەرچاوەی تیرۆرو دۆژمنانی ئازادی و دیموكراسی و مرۆڤایەتییە دەتوانێ بەو ئیمكانییەتە كەمەی كە لەبەر دەستیدایە لەجیاتی دونیای ئازاد بەرەنگاریان بێتەوەو پاریزگاریی لە مرۆڤایەتی و چەمكە جوانەكانی دۆستایەتی و پێكەوە ژیان بكات، هەر ئەوەش وای كردووە لە ئاستی نێودەوڵەتی و مرۆڤ دۆستان پالپشتی لێبكرێت.